چارەنووسی هاووڵاتییەکی خەڵکی چالدێران و کوڕە شازدە ساڵەکەی نادیارە

هەنگاو: هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسی باوک و کوڕێکی خەڵکی چالدێران کە مانگی پێشوو لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەست

٦ سەرماوەز ٢٧٢١، ١٩:٤٨

 

هەنگاو: هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسی باوک و کوڕێکی خەڵکی چالدێران کە مانگی پێشوو لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون، لەبەر دەستدا نیە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕینی زیاتر لە یەک مانگ لە دەستبەسەر کرانی محەمەد خالیدی خەڵکی چالدێران و کوڕە ١٦ ساڵەکەی بە ناوی ئەحمەدی خالیدی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە، هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نیە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی ئەم دوو هاووڵاتییە هەتا ئێستا چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان نادیاره و ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەکان وڵامێکی ڕوونیان پێیان نەداوەتەوە.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئەم باوک و کوڕە سەرەتای مانگی خەزەڵوەر (ئۆکتۆبر) لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە گوندی “سگریک” و بە پیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی یاسایی دەستبەسەر کراون.

جێگای ئاماژەیە کە هێزە ئەمنییەکان وێڕای دەستبەسەر کردنی ئەم دوو ئەندامەی بنەماڵەی خالیدی ماڵەکەشیانیان پشکنیوە و هەتا ئێستا هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی کە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە خراوەتە پاڵیان نەزانراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە