١١ چالاکی شنۆیی سەرجەم سزای ١٨٧ مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپا

هەنگاو: ١١ هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ لە دوو دۆسیەی جیادا لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سەرجەم سزای ١٨٧ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.

٨ خاکەلێوە ٢٧٢٢، ٢٣:٢٠

 

هەنگاو: ١١ هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ لە دوو دۆسیەی جیادا لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سەرجەم سزای ١٨٧ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەش هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەم شارە بە سەرۆکایەتی دادوەر «ڕەزایی» بە تۆمەتی «هاوکاری و ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران» سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا و ڕۆژی یەکشەممە ٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٢ (٢٧ی مارسی ٢٠٢٢) ئەم سزایەیان پێ ڕاگەیەندراوە.

بە پێی ئەم سزایە ڕەحمان یووسفی، کەماڵ قۆیتاسی، محەممەد خالید حەمزە پوور و ئەبووبەکر میناپاک هەر کام بە ٥ ساڵ بەندکران، عەزیز قادرتاج کە مامۆستای قوتابخانەیە سزای ٣ ساڵ و سەلیم شەریفی سزای ٢ ساڵ و شەش مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.

ئەم شەش هاووڵاتییە زستانی ساڵی ٢٧٢٠ هاوکات لەگەڵ شەپۆلی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی کوردستان دەستبەسەر و ئاخرین دانیشتنی دادگاکەیان لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو بەڕێوەچوو.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوو پێنج هاووڵاتی دیکە بە ناوەکانی ڕەحمان ئەسەدی، فەرهاد مەعرووفی، جەلال قادرزادە، عوبەید ئەنوەری و ڕێبوار چارەکداری بە هەمان تۆمەت و لەلایەن هەمان دادگاوە سەرجەم سزای ١٣ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە