چوار مامۆستای دەستبەسەرکراوی خەڵکی دیواندەرە بە بارمتە ئازاد کران

چوار مامۆستای دەستبەسەرکراوی خەڵکی دیواندەرە بە ناوەکانی ئومێد شامحەممەدی، هیوا قوڕەیشی، پەرویز ئەحسەنی و کاوە محەممەدزادە دوای ٧٦ ڕۆژ بەندکران ڕۆژی سێ

٨ خەرمانان ٢٧٢٢، ١٦:١٠


هەنگاو: سێشەممە ٨ی خەرمانانی ٢٧٢٢

چوار مامۆستای دەستبەسەرکراوی خەڵکی دیواندەرە بە ناوەکانی ئومێد شامحەممەدی، هیوا قوڕەیشی، پەرویز ئەحسەنی و کاوە محەممەدزادە دوای ٧٦ ڕۆژ بەندکران ڕۆژی سێشەممە ٨ی خەرمانانی ٢٧٢٢ (٣٠ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) هەر کامەیان بە دانانی بارمتەی یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ئازاد کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە بنەماڵەی ئەم چوار مامۆستایە، ئەو چوار کەسە لە ماوەی ئەو ڕۆژانەی کە دەستبەسەر بوون مافی دەسپیڕاگەیشتن بە پارێزەریان و هەروەها دیتنی بنەماڵەکانیان بێبەشن.


بە گوێرەی زانیارییەکانی هەنگاو، ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران ئەم چوار مامۆستایەی خەڵکی دیواندەرەیان بە هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکومەتی ئێران تۆمەتبار کردووە.


ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردان پێنج کەس لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لقی دیواندەرە بە ناوەکانی ئومێد شامحەممەدی، عوسمان ڕەزایی، هیوا قوڕەیشی، پەرویز ئەحسەنی و کاوە محەممەدزادە بەبێ پیشاندانی بەڵگەی دادوەری لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کران.

عوسمان ڕەزایی ڕۆژی شەممە ٢٨ی جۆزەردانی بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کراو و چوار مامۆستای دیکە هێشتا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراون.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم پێنج کەسە و وێڕای لێدان و بێ ڕێزی کردن پێیان ماڵەکانیانیان پشکنیوە و تەنانەت لە ژنی دوو کەس لەو مامۆستایانەیان داوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە