چوار هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی سەقزی بۆ بەندیخانەی سنە گوازرانەوە

هەنگاو: چوار هاووڵاتیی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی سەقز دوای تەواوبوونی لێپرسینەوەکانیان بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گوازرانەوە.

٢٨ ڕێبەندان ٢٧٢١، ٢٠:٢٠

 

هەنگاو: چوار هاووڵاتیی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی سەقز دوای تەواوبوونی لێپرسینەوەکانیان بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گوازرانەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، چوار هاووڵاتیی خەڵکی گوندی مەلقەڕنی سەقز بە ناوەکانی محەممەد مەهجوور تەمەن ٣٦ ساڵ، ڕەحمەتوڵڵا ساڵحیان یازی بڵاغی تەمەن ٣٢ ساڵ، محەممەد فەدەوی تەمەن ٢٣ ساڵ و زانکۆ مەسعوودی تەمەن ٢٢ ساڵ دوای تەواوبوونی لێپرسینەوەکانیان لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازرانەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم چوار هاووڵاتییە لەو کاتەوە دەستبەسەر لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و هەروەها مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش کراون و لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بە هاوکاری کردنی حیزبێکی کوردستانی تۆمەتبار کراون.

محەممەد مەهجوور ڕۆژی پێنج شەممە ٢٠ی خەزەڵوەر ی ٢٧٢١ (١١ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١) و، ڕەحمەتوڵڵا ساڵحیان یازی بڵاغی، زانکۆ مەسعوودی و محەممەد فەدەوی ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی سەرماوەز (٥ی دیسەمبەری ٢٠٢١) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کراون.

جێگای ئاماژەیە کە ئەم چوار کەسە بە بێ پیشاندانی بەرگەی دادوەری دەستبەسەر کراون و ماڵەکانیشان پشکێنراوە و بەشێک لە کەلوپەلەکانیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستی بە سەردا گیراوە.
.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە