چوار کەس لە بەشداربووانی ڕێوڕەسمی سەرەخۆشیی حەیدەر قوربانی سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپا

هەنگاو: چوار هاووڵاتی کە لە کاتی ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی حەیدەر قوربانی دەستبەسەر کرابوون، سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپا.

٣٠ خاکەلێوە ٢٧٢٢، ١٠:٣٠

 

هەنگاو: چوار هاووڵاتی کە لە کاتی ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی حەیدەر قوربانی دەستبەسەر کرابوون، سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپا.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو چوار هاووڵاتیی خەڵکی کامێران بە ناوەکانی مەلا محەممەد میرزا ڕەحمانی، بورهان کەمانگەر، سیروان قوربانی و ئامانج قوربانی لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ٢ شاری کامێران هەر کامەیان سزای ٩١ ڕۆژ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراو و بە شێوەی فەرمی پێیان ڕاگەیەندراوە.

ئەم سزایە بە بیانووی بەشداری لە ڕێوڕەسمی حەیدەر قوربانی، بەندکراوی سیاسی خەڵکی کامێران کە لە بەندیخانەی سنە لە سێدارە درا و هەروەها بانگەشە بۆ گرووپەکانی دژبەری حکومەت لەم ڕێوڕەسمە بەسەریاندا سەپێندراوە کە بۆ ماوەی ٢ ساڵ هەڵپەسێردراوە.


مەلا محەممەد میرزا ڕەحمانی و ئامانج قوربانی ڕۆژی چوارشەممە ١ی بەفرانباری ٢٧٢١ دوای بانگ کران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێران دەستبەسەر و سیروان قوربانی و بورهان کەمانگەر ڕۆژی پێنج شەممە لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەو شارە دەستبەسەر کرابوون کە سەرجەمیان پاش سێ حەوتوو بەندکران بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوون.

حەیدەر قوربانی بەندکراوی سیاسی کورد کە لە پرۆسەیەکی ناڕوون و نا دادپەروەرانە و نایاساییدا سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو، لە ڕێکەوتی ٢٨ی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو بە شێوەیەکی نهێنی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە سزاکەی جێبەجێ کرا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە