چیا ئاقابەیگ پوور دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی بۆکان کرا

هەنگاو: چالاکێکی سیاسی خەڵکی بۆکان کە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەریی ئەو شارەوە سزای بەندکرانی بە سەردا سەپابوو، دەستبەسەر کرا.

٥ ڕێبەندان ٢٧٢١، ١٨:٤٠

 

هەنگاو: چالاکێکی سیاسی خەڵکی بۆکان کە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەریی ئەو شارەوە سزای بەندکرانی بە سەردا سەپابوو، دەستبەسەر کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ (٢٥ی ژانویەی) ٢٠٢٢، چیا ئاقابەیگ پوور، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ١٤ مانگ بەندکران کە بەسەریدا سەپابوو، دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کرا.

 چیا ئاقابەیگ پوور کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی ڕۆژی پێنج شەممە ٧ی گەلاوێژی ٢٧٢١ (٢٩ی جولای ٢٠٢١) لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای بۆکان دەستبەسەر و بۆ ئورمیە گوازرایەوە و پاش ٤٠ ڕۆژ بەندکران ڕۆژی دووشەممە ١٥ی خەرمانان (٨ی سێپتەمبەر) بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ناوبراو دواجار مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ لەلایەن دادگای شۆڕشی بۆکانەوە بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام» لە ڕێگای ئەندامەتی لە حیزبی دیموکراتی کوردستان سزای ١٤ مانگ بەندکران، لێدانی ٦٠ قامچی و هەروەها پێبژاردنی بڕی ٣٠ ملیۆن پارەی بە سەردا سەپا.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ناوبراو لەو ماوەیەدا کە دەستبەسەر بوو لە هەبوونی مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەروەها مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە.

چیا ئاقابەیگ پوور تەمەن٢٨ساڵ و خەڵکی گوندی ڕەحیم خانی بۆکان، خێزاندار و باوکی دوو منداڵی کەم تەمەنە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە