چیا ئاقابەیگ پوور سزای ١٨ مانگ بەندکران و لێدانی ٦٠ قامچی بەسەردا سەپا

هەنگاو: چالاکێکی خەڵکی بۆکان کە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ (جولای) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستەبسەر کرابوو، سزای بەندکران، لێدان

٢٥ خەزەڵوەر ٢٧٢١، ١٩:٠٦

 

هەنگاو: چالاکێکی خەڵکی بۆکان کە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ (جولای) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستەبسەر کرابوو، سزای بەندکران، لێدانی قامچی و پێبژاردنی پارەی بەسەردا سەپا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا چیا ئاقابەیگ پوور،  چالاکی سیاسی خەڵکی بۆکان لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە سزای ١٨ مانگ بەندکران، لێدانی ٦٠ قامچی و هەروەها پێبژاردنی بڕی ٣٠ میلیۆن تمەن پارەی بە سەردا سەپاوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم سزایە بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی حکوومەت” لەڕێگای هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بە سەر ناوبراودا سەپاوە و بەفەرمی پێی ڕاگەیەندراوە.

جێگای ئاماژەیە کە چیا ئاقابەیگ پوور کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی ڕۆژی پێنج شەممە ٧ی گەلاوێژی ٢٧٢١ (٢٩ی جولای ٢٠٢١) لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای بۆکان دەستبەسەر و بۆ ئورمیە گوازرایەوە و پاش ٤٠ ڕۆژ بەندکران ڕۆژی دووشەممە  ١٥ی خەرمانان (٨ی سێپتامبر) بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ناوبراو لەو ماوەیەدا کە دەستبەسەر بوو لە هەبوونی مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەروەها مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە.

چیا ئاقابەیگ پوور تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی گوندی ڕەحیم خانی بۆکان، خێزاندار و باوکی دوو منداڵی کەم تەمەنە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە