چینی شەریفی بۆکانی چالاکی مەدەنی خەڵکی بۆکان دەستبەسەر کرا

هەنگاو: یەکێک لە چالاکانی مەدەنی خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر و چارەنووسی نادیارە.

١٢ سەرماوەز ٢٧٢١، ٢١:٥٣

 

هەنگاو: یەکێک لە چالاکانی مەدەنی خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر و چارەنووسی نادیارە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ١٠ی شەوی چوارشەممە ١٠ی سەرماوەزی ٢٧٢١ (١ی دیسامبری ٢٠٢١)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی چینی شەریفی بۆکانی تەمەن ٣٦ ساڵ، چالاکی مەدەنی خەڵکی ئەو شارە و دەستبەسەریان کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کە کەسێک بە ناوی “ئەحمەدی” بەرپرسیان بووە ماڵی ئەو چالاکە مەدەنیەیان پشکنیوە و هاوکات دەستیان بە سەر مۆبایلی چینی و هەروەها کوڕە تەمەن ١٠ ساڵەکەیدا گرتووە.

سەرەڕای تێپەڕینی ٤٨ کاتژمێر لە دەستبەسەر کرانی ئەم چالاکە مەدەنیەی خەڵکی بۆکان هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی لە بەر دەستدا نییە و هەوڵەکانی بنەماڵەکەی لەو پەیوەندییەدا بێ ئاکام ماوەتەوە.

پێشتر و ڕێکەوتی ٢٠ی خەزەڵوەر، عومەر شەریفی بۆکانی باوکی چینی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی تاران دەستبەسەر و پاش یەک ڕۆژ ئازاد کرابوو.

شایانی باسە عومەر شەریفی بۆکانی ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکانەوە دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەری حکوومەتی ئێرانەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سزای ١٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو کە دوای تێپەربوونی ٧ ساڵ لەبەندیخانە ئازاد کرا.

هەروەها،رەزا شەریفی بوکانی چالاکی مەدەنی کورد و برای چینی ساڵی ١٣٧٩ی هەتاوی دەستبەسەر و هەر بەو تۆمەتە ماوەی ٥ ساڵ لە بەندیخانەی بۆکان و ڕەجایی شاری کەرەج بەندکراوە. ڕەزا شەریفی بۆکانی لە پەیوەندیەکدا لەگەڵ هەنگاو هەواڵی دەستبەسەرکرانی باوکی پشتراست کردەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە