ڕادەست نەکردنەوەی تەرمی سادق ئاگووشی و بایزید ڕەسووڵی دوای سێ ساڵ

دوای تێپەڕینی سێ ساڵ لە کوژرانی دوو گەنجی خەڵکی شارەکانی پیرانشار و مەهاباد بە ناوەکانی سادق ئاگووشی و بایزید ڕەسووڵی لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلا

٨ خەرمانان ٢٧٢٢، ٠٩:٤١


هەنگاو: سێشەممە ٨ی خەرمانانی ٢٧٢٢

دوای تێپەڕینی سێ ساڵ لە کوژرانی دوو گەنجی خەڵکی شارەکانی پیرانشار و مەهاباد بە ناوەکانی سادق ئاگووشی و بایزید ڕەسووڵی لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات کە هەر دوویان ٢٣ ساڵە بوون، هەتا ئێستا تەرمەکانیان ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکراوەتەوە و بەدواداچوونەکانیان بێ ئاکام ماوەتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بنەماڵەی ئەم دوو هاووڵاتییە مەدەنییە کە خزمی یەکتریش بوون، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا چەندین جار سەردانی ئیدارەی ئیتلاعات و باقی ناوەندە ئەمنییەکانی شارەکانی مەهاباد، پیرانشار و ئورمیەیان کردووە و هەر جان بەوان وتراوە کا جاری دیکە وەرنەوە و دواجار ئەمساڵ پێیانیان وتووە کە تەرمی ڕۆڵەکانتان بە هیچ شێوەیەک ڕادەستتان ناکرێتەوە.


سادق ئاگووشی و کوڕە خاڵەکەی بایزید ڕەسووڵی ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٨ی خەرمانانی ٢٧١٩ (٣٠ی ئاگۆستی ٢٠١٩) لە ناوچەی "زیندوو سپی" مەهاباد لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە ناو ئۆتۆمبێلەکەی خۆیان درانە بەر دەستڕێژی گوللە و هەر دوویان کوژران.

جێگای ئاماژەیە کە هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران ڕۆژی چوارشەممە ٦ی خەرمانانی هەمان ساڵ هەڵیانکوتایە سەر ماڵی سادق و باوکیان بە ناوی کاوە ئاگووشی و برایەکی دیکەیان بە ناوی شێرکۆ ئاگووشی بە تۆمەتی هاوکاری کردنی حیزبی دێموکراتی کوردستان (حدک) دەستبەسەر کران.

هەمان ڕۆژ دوو ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوەکانی عەلی بایزیدپوور و ئیبراهیم عەزیزنەژاد لە سنووری سەردەشت و لە ئاکامی تێکهەڵچوونێک لەگەڵ هێزەکانی سوپای پاسداران کوژران کە تەرمەکانی ئەوانیش هەتا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکراوەتەوە.

شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی چوار دەیە لە دەسەڵاتدارێتیی خۆیدا بەردەوام خۆی بواردووە لە دانەوەی تەرمی ئەو بەندکراوە سیاسییانە کە لە سێدارە دراون و یان ئەو کەسانەی کە لە شەڕی نێوان سوپای پاسداران و هێزەکانی حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکومەتی ئێران گیانیان لە دەست داوە و دەتوانرێت باوترێک کە کۆماری ئیسلامی تۆمەتبارە بە تاوانی بێسەروشوێن کردنی زۆرەملێ.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە