ڕێگری ئیدارەی ئیتلاعات لە ناردنی زارا محەممەدی بۆ مرەخەسی

هەنگاو: ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە داوای ناردنی زارا محەممەدی مامۆستای زمانی کوردی کە ئێستا سەرقاڵی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەیەتی بۆ مەرەخەسی ڕەد کردووەتەوە.

٢٨ ڕەشەمە ٢٧٢١، ١٧:٥٣

 

هەنگاو: ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە داوای ناردنی زارا محەممەدی مامۆستای زمانی کوردی کە ئێستا سەرقاڵی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەیەتی بۆ مەرەخەسی ڕەد کردووەتەوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە بە هەنگاو گەیشتووە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا بنەماڵەی زارا محەممەدی بەندکراوی سیاسی خەڵکی سنە کە ئێستا لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی ئەو شارە سەرقاڵی تێپەڕاندنی سزای ٥ ساڵ بەندکرانەکەیە، داوایان کردووە کە ناوبراو لەبەرەبەری نەورۆزدا مافی مرەخەسی پێبدرێت، بەڵام ئیدارەی ئیتلاعات ڕێگری لەجێبەجێکرانی ئەو داوایەی بنەماڵەکەی کردووە.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیدارەی ئیتلاعات بە بیانووی ئەوەی کە هەستیاری لە سەر بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز لە کوردستان هەیە ڕێگری کردووە لەجێبەجێکرانی ئەو داوایەی بنەماڵەی زارا محەممەدی.


زارا محەممەدی مامۆستای زمانی کوردی و بەرپرسی ئەنجوومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین ڕۆژی شەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢١ (٨ی ژانویەی ٢٠٢٢) بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٥ ساڵ بەندکرانەکەی بانگی ناوەندی جێبەجێکردنی سزاکانی سنە کرا و لەوێ دەستبەسەر کرا.

زارا محەممەدی تەمەن ٣٠ ساڵ و بەرپرسی ئەنجوومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی جۆزەردان ٢٧١٩ دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵیان هاوکات لەگەڵ دوو کەسی دیکەی ئەندامی ئەنجوومەنی نۆژین دەستبەسەر و دوای ٧ مانگ بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی تا ڕاگەیاندنی ئاکامی کۆتایی دۆسیەکەی ئازاد کرا.

ئەم مامۆستایەی زمانی کوردی لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەری سەعیدی بە تۆمەتی پێکهێنانی گرووپ و دەستە دژی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو. دەرچوونی سزای ١٠ ساڵ بەندکران بە تۆمەتی پێکهێنانی گرووپ لە کاتێکدایە کە زارا محەممەدی تەنیا ئەندامی ئەنجوومەنی نۆژین بووە و دادگا ئەو ئەنجوومەنەی لە هەموو تۆمەتەکان بێ بەری کردبوو.

ئەم سزایە ڕەزبەری هەمان ساڵ (ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠) لەلایەن لقی چوارەمی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر «مستەفا تەیاری» بۆ ٥ ساڵ بەندکران کەم کرایەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە