ژمارەی دەستبەسەرکراوانی بۆکان گەیشتە ٨ کەس، لە ١١ ڕۆژدا ٥٠ کەس دەستبەسەر کراون

هەنگاو: ڕۆژی ڕابردوو لانیکەم هەشت هاووڵاتی کورد کە دوو کەسیان ژن بوون لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری بۆک

١ ڕێبەندان ٢٧٢٠، ١٧:٤١

 

هەنگاو:  ڕۆژی ڕابردوو لانیکەم هەشت هاووڵاتی کورد کە دوو کەسیان ژن بوون لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری بۆکانی دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٣٠ بەفرانباری ٢٧٢١ (١٩ی ژانویەی ٢٠٢١)، لانیکەم شەش ئوتۆمبێلی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی میاندواو و ئورمیە چوونەتە ناو بۆکان و بە پێکهێنانی کەشی سەرکوت و تۆقاندن، دەستیان کردووە بە دەستبەسە کردنی بەربڵاوی هاووڵاتیان.

بە گوێرەی ئەم ڕاپۆرتە تا ئێستا لانی کەم هەشت هاووڵاتی بە ناوەکانی، ڕۆژین محەمەدپوور، فەریبا ئەحمەدی، حسێن میهرەبانی، هێرش ڕەسووڵپوور، فواد محەمەدپوور، قادر ڕەسووڵپور، محەمەد حاجی ڕەسووڵ پوور و عەلی زولفی دەستبەسەر کراون.

هەنگاو پێشتر لە هەواڵێکدا شوناسی سێ کەس لە دەستبەسەرکراوانی ئاشکرا کردبوو.

لە لایەکی دیکەوە و هاوکات لەگەڵ شەپۆلی دەستبەسەرکردنەکانی بۆکان، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی نەغەدەش بە ناوی "دیاکۆ زەردەشتی" لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە دەستبەسەر کرا.

بەم پێیە تەنیا لە ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی بەفرانباردا، لانی کەم ١٥ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی بۆکان، نەغەدە، پیرانشار و کەلاتەرزان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

بە پشت بەستن بە ئامارە تۆمار کراوەکانی ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ١١ ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ٥٠ هاووڵاتیی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون. لەم ژمارەیە سێ کەسیان ئازاد کراون و ٤٧ کەسیشیان هەر وا بە دەستبەسەری ماونەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە