کەماڵ قۆیتاسی بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٥ ساڵ بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا

کەماڵ قۆیتاسی هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ کە پێشتر سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو، ڕۆژی شەممە ٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ دوای بانگ کران بۆ ژووری جێبەجێکرانی سزا

٧ جۆزەردان ٢٧٢٢، ١٤:٣١

 

هەنگاو: شەممە ٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٢

کەماڵ قۆیتاسی هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ کە پێشتر سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو، ڕۆژی شەممە ٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ دوای بانگ کران بۆ ژووری جێبەجێکرانی سزاکانی دادگای شۆڕشی شنۆ دەستبەسەر و بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی شنۆ کرا.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە کەماڵ قویتاسی لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی شنۆ بە سەرۆکایەتی دادوەر» ڕەزایی «بە تۆمەتی» ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران «سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە و ئەم سزایە ڕۆژی یەکشەممە ٧ی خاکەلێوەی ئەمساڵ بە فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

کەمال قۆیتاسی خەڵکی گوندی چشمەگوڵ ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٠ (١٤ی دیسەمبەری ٢٠٢٠) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ دەستبەسەر و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ئەو ناوەندە ئەمنییە لە شاری ئورمیە گوازرایەوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە دواجار و دوای ٧٥ ڕۆژ بەندکران ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕەشەممەی هەمان ساڵ بە بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی پرۆسەی دادگایی کردنەکەی ئازاد کرا.

جێگای ئاماژەیە کە کەمال قۆیتاسی لە ماوەی ئەو ڕۆژانەی کە دەستبەسەر بوو لە مافی هەبوونی پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە