کەژاڵ نەسری بە دەسبەندکی ئەلەکترۆنی ئازاد کرا

هەنگاو: دوای مانگرتنی دوو ڕۆژەی دایکی کەژاڵ نەسری لەپێش دەرگای ئیتلاعاتی سنە ئەو چالاکە فەرهەنگییە بە بارمتە ئازاد کرا.

٢٠ بەفرانبار ٢٧٢١، ٢٢:٢٧

 

هەنگاو: دوای مانگرتنی دوو ڕۆژەی دایکی کەژاڵ نەسری لەپێش دەرگای ئیتلاعاتی سنە ئەو چالاکە فەرهەنگییە بە بارمتە ئازاد کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٣ی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی بەفرانباری ٢٧٢١ (١٠ی ژانویەی ٢٠٢٢)، کەژاڵ نەسری چالاکی فەرهەنگی و مەدەنی خەڵکی گوندی تەنگیسەری دوای یەک مانگ ڕفاندنی زۆرەملێ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە دەستبەندی ئەلەکترۆنی و بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

هەنگاو زانیویەتی کە کەژاڵ نەسری بەو مەرجەی ئازاد کراوە کە حەقی هاتووچۆی نیە و دەبێ ڕۆژانە بۆ ماوەی ٢ کاتژمیر خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بناسێنێت و تەنانەت ئیزنی نیە سەردانی گوندی نیشتەجێبوونی واتە تەنگیسەر بکات.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادارا، کەژاڵ نەسری دوای ئەوەی ئازاد کراوە کە دایکی بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە پێش بینای ئیتلاعاتی سنە مانی گرتووە.

کەژاڵ نەسری چالاکی مەدەنی وفەرهەنگی دانیشتووی گوندی تەنگیسەری سنە ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی سەرماوەزی ٢٧٢١ (١٢ی دێسامبری ٢٠٢١( لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و بە بێ پیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی یاسایی دەستبەسەر و بەزۆرەملێ ڕفێندرا بە شێوەیەک کە هەتا سێ حەوتوو بنەماڵەکەی بە هیچ شێوەیەک ئاگاداری شوێنی ڕاگیران و باری تەندروستی ناوبراو نەبوون.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی نەسری لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە کەژاڵ نەسری لە ماوەی ئەو ڕۆژانەی کە دەستبەسەر بووە لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە، هەبوونی پارێزەر و ڕاوێژی یاسایی بێبەش بووە.

شایانی باسە بەهاری ئەمساڵ کەژاڵ نەسری بانگی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرابوو و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لێپێچینەوەی لەگەڵ کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە