کەژاڵ نەسری چالاکی مەدەنیی کورد سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا

کەژاڵ نەسری چالاکی مەدەنی و فەرهەنگی دانیشتووی گوندی تەنگی سەر سەر بە شاری سنە کە مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر و دوای مانگێک بە بارمتە ئاز

٢٠ خەرمانان ٢٧٢٢، ٢١:٠٥


هەنگاو: یەکشەممە ٢٠ی خەرمانانی ٢٧٢٢

کەژاڵ نەسری چالاکی مەدەنی و فەرهەنگی دانیشتووی گوندی تەنگی سەر سەر بە شاری سنە کە مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر و دوای مانگێک بە بارمتە ئازاد کرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای پێنج ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەو سزایە لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر حوسێن سەعیدی و بە تۆمەتی هاوکاری و ئەندامەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەر ناوبراودا سەپاوە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە فەرمی پێی ڕاگەیەندراوە.

کەژاڵ نەسری چالاکی مەدەنی و فەرهەنگی دانیشتووی گوندی تەنگی سەری سنە ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی سەرماوەزی ٢٧٢١ (١٢ی دیسەمبەری ٢٠٢١) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و بە بێ پیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی یاسایی دەستبەسەر و بە زۆرەملێ ڕفێندرا بە شێوەیەک کە هەتا سێ حەوتوو بنەماڵەکەی بە هیچ شێوەیەک ئاگاداری شوێنی ڕاگیران و باری تەندروستی ناوبراو نەبوون.

ئەم چالاکە کوردە ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی بەفرانباری ٢٧٢١) ١٠ی جەنیوەری ٢٠٢٢) دوای مانگێک دەستبەسەرکران و دوای ئەوەی دایکی بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لەپێش دەرگای ئیتلاعاتی سنە مانی لە خواردن گرتبوو، بە بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تەمەنی و بە دەستبەندی ئەلیکترۆنی بەشێوەی کاتی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە ئازاد کرا.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە کەژاڵ نەسری لە ماوەی ئەو ڕۆژانەی کە دەستبەسەر بووە لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە، هەبوونی پارێزەر و ڕاوێژی یاسایی بێبەش بووە.

شایانی باسە کەژاڵ نەسری لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار بانگی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کراوە و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لێپێچینەوەی لەگەڵ کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە