کەیومەرس لەتیفی چالاکی مەدەنی ناسراوی خەڵکی سنە دەستبەسەر کرا

هەنگاو: یەکێک لە چالاکانی مەدەنی ناسراوی خەڵکی سنە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

٢٦ ڕێبەندان ٢٧٢١، ١٨:٠٦

 

هەنگاو: یەکێک لە چالاکانی مەدەنی ناسراوی خەڵکی سنە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.


بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ (١٥ی فێوریەی ٢٠٢٢)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی کەیومەرس لەتیفی تەمەن ٤١ ساڵ، یەکێک لە چالاکانی مەدەنی شاری سنە و دەستبەسەریان کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، زیاتر لە ٢٠ کەس لە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی لە سەر دیوارەوە چوونە نێو ماڵی کەیومەرس و دوای ئەوەی دەستبەسەریان کردووە بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
هەنگاو زانیویەتی، هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەرکرانی کەیومەرس لەتیفی ناوبراویان داوەتە بەر لێدان و ئەشکەنجە و ماڵەکەیان پشکنیوە.

هەتا کاتی نووسینەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵی و هەروەها شوێنی ڕاگیرانی کەیومەرس لەتیفی لەبەردەستدا نییە.

کەیومەرس لەتیفی یەکێک لە چالاکانی مەدەنی ناسراوی شاری سنەیە کە بۆ ماوەی ١٠ ساڵ بەردەوام هەوڵی داوە بە کردنەوەی خولی زمانی کوردی، لاوان فێری زمانی کوردی بکات و هەروەها یەکێک لە ئەندامانی لیژنەی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنی مەولەوی کوردی شاری سنە بووە.

ناوبراو هاوینی ساڵی ٢٧٢١٩ (٢٠١٩) جارێکی دیکەش لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای سنە دەستبەسەر کرابوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە