ئیبراهیم تاریمورادی بە بارمتە ئازاد کرا

هەنگاو: هاووڵاتییەکی دەستبەسەر کراوی خەڵکی سنە پاش دوو مانگ بەندکران بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

٤ ڕەزبەر ٢٧٢١، ١٥:٣٠

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی دەستبەسەر کراوی خەڵکی سنە پاش دوو مانگ بەندکران بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٤ی ڕەزبەری ٢٧٢١ (٢٦ی سێپتامبری ٢٠٢١)، ئیبراهیم تاریمورادی هاووڵاتیی تەمەن ٥٦ ساڵی خەڵکی سنە دوای زیاتر لە دوو مانگ بەندکران بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیبراهیم تاریمورادی لە ماوەی دەستبەسەکرانیدا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، دەرمانەکانی و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.

ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەم هاووڵاتییە کوردەیان بە هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەت تۆمەتبار کردووە.

ئیبراهیم تاریمورادی خەڵکی گوندی هەمڕۆڵە سەر بە شاری سنەیە کە ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢ی گەلاوێژ٢٠٢١ (٢٤ی جولای ٢٠٢١) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شاروەوە دەستبەسەر کرا.

پێشتر هەنگاو ڕایگەیاندبوو کە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە چوار ئوتۆمبێلی پڕ لە هێز هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئیبراهیم تاریمورادی و وێڕای پشکنینی ماڵەکەی کەلوپەلە تایبەتەکانی وەک مۆبایل و میمۆری و کتێبەکانیان لەگەڵ خۆیان بردووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە