ئیبراهیم تاریمورادی خەڵکی سنە سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە کە هاوینی ئەمساڵ دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکران

٢٠ ڕێبەندان ٢٧٢١، ٢٢:٢٢

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە کە هاوینی ئەمساڵ دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکران و پێ بژاردنی پارەی بە سەردا سەپا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ئیبراهیم تاریمورادی، هاووڵاتیی تەمەن ٥٦ ساڵی خەڵکی سنە لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە سەرۆکایەتیی دادوەر حوسێن سەعیدی سزای یەک ساڵ بەندکران و پێ بژاردنی یڕی ی ٣٠ ملیۆن تمەن پارەی بەسەردا سەپا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەوە بە هەنگاوی وت: ئەم سزایە بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام» لەڕێگەی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەر ئیبراهیم تاریمورادی سەپاوە و ناوبراو دوای ئەوەی بانگ کراوەتە دادگا بڕیارەکەی بۆ خوێندراوەتەوە.

ئیبراهیم تاریمورادی خەڵکی گوندی هەمڕۆڵە سەر بە شاری سنەیە کە ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢ی گەلاوێژ٢٠٢١ (٢٤ی جولای ٢٠٢١) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا.
پێشتر هەنگاو ڕای گەیاندبوو کە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە چوار ئۆتۆمبێلی پڕ لە هێز هەڵیان کوتاووتە سەر ماڵی ئیبراهیم تاریمورادی و وێڕای پشکنینی ماڵەکەی کەلوپەلە تایبەتەکانی وەک مۆبایل و میمۆری و کتێبەکانیان لەگەڵ خۆیان بردووە.
ئیبراهیم تاریمورادی دواجار ڕۆژی یەکشەممە ٤ی ڕەزبەری ٢٧٢١ (٢٦ی سێپتامبری ٢٠٢١) دوای دوو مانگ دەستبەسەر کران بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا تەواوبوونی پرۆسەی دادگایی کردنەکەی ئازاد کرا.
جێگای ئاماژەیە کە ئیبراهیم تاریمورادی لە ماوەی دەستبەسەرانیدا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، دەرمانەکانی و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە