ئەفشین حوسێن پەناهی سزای ساڵێک بەندکرانی بە سەردا سەپا

ئەفشین حوسێن پەناهی بەندکراوی سیاسی پێشوو برای ڕامین حوسێن پەناهی بەندکراوی سیاسی لە سێدارە دراو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە

٢٨ بانەمەڕ ٢٧٢٢، ١٢:٤٥

 

هەنگاو: چوارشەممە ٢٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٢

ئەفشین حوسێن پەناهی بەندکراوی سیاسی پێشوو برای ڕامین حوسێن پەناهی بەندکراوی سیاسی لە سێدارە دراو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر «سەعیدی» سزای یەک ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم بڕیارە بە شێوەی غیابی و بێ بەشداری خۆی لە دادگادا و بە تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ کۆمەڵە» بە سەر ناوبراودا سەپاوە و ڕۆژی شەممە ١٧ی بانەمەڕ بە فەرمی پێی ڕاگەیەندراوە.

جێگای ئاماژەیە کە ئەفشین حوسێن پەناهی تانەی لەو یڕیارە داوە و داوای پێداچوونەوەی بە بڕیارەکەدا کردووە.

جێگای باسە کە ئەفشین حوسێن پەناهی ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕی ٢٧١٧ دەستبەسەر و پاییزی هەمان ساڵ لەلایەن هەمان دادگا بە تۆمەتی «بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز و هاوکاری لەگەڵ کۆمەڵە» سەرجەم سزای ٨ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو. بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان زۆرترین سزا واتە سزای ٦ ساڵ بەندکرانی شیاوی جێبەجێکردن بوو.

ئەفشین حوسێن پەناهی دواجار ڕۆژی یەکشەممە ٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ دوای تێپەڕینی سێ ساڵ لە سزای بەندکرانەکەی بە مەرج لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە