ئەو گریلایەی کە لە ماکۆ بە دیل گیرابوو، گوازرایەوە بۆ ئورمیە

هەنگاو: ئەو گریلایەی کە لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە لە سنوورەکانی ماکۆ بە دیل گیرابوو، بۆ ئورمیە گوازرایەوە.

١٣ پووشپەڕ ٢٧١٩، ١٩:١٨

 

هەنگاو: ئەو گریلایەی کە لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە لە سنوورەکانی ماکۆ بە دیل گیرابوو، بۆ ئورمیە گوازرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، گریلایەک کە لە ئەنجامی تێکهەڵجوونە چەکدارییەکانی دوو ڕۆژی ڕابردووی ماکۆ و چالدێران لەنێوان سپای پاسداران پارتی کرێکارانی کوردستان بە دیل گیرابوو، شەوی ڕابردوو بۆ بنکەی ڕەمەزانی سپای پاسداران لە ئورمیە گوازراوەتەوە.

پارتی کرێکارانی کوردستان (پ ک ک) هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، هەواڵی تێکهەڵچوونی چەکداری و بەدیل گیرانی گریلایەکی نە پشتڕاست کردووەتەوە و نە بە درۆی خستووەتەوە.

بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە هەنگاو گەیشتووە، ڕۆژی پێنجشەممە (١٣ی پووشپەڕی ٢٧١٩ /  ٤ی ژوئیەی ٢٠١٩)، گرووپێکی دەنگ و ڕەنگی پارێزگای ئورمیە براونەتە بنکەی ڕەمەزان. بە سەرنجدان بە مێژووی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملی لەژێر ئەشکەنجە لە بەندکراوانی سیاسی و ئەندامانی حیزبە کوردستانییەکان لەلایەن ئێرانەوە، ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەو گرووپە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملی  لەو گریلایە سەردانی بنکەی ڕەمەزانی سپای پاسدارانیان کردبێت.

بە سەرنجدان بە پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی بەندکراوان و بەدیلگیراوان لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە و مێژوویەکی دوور و درێژ کە لە بواری ئەشکەنجە و ئازار و لەسێدارەدانی گریلا و پێشمەرگە هەیانە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو داوا لە چالاکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات کە بەدواداچوون بۆ چارەنووسی ئەو گریلایە بکەن.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە