بەندیخانەی نەغەدە، سزای بەندکرانی جەماڵ عەلیزادە بە ڕای باز گۆڕدراوە

٢٥ جۆزەردان ٢٧٢٤، ١١:٥٦

هەنگاو، هەینی، ٢٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

سزای بەندکرانی جەماڵ عەلیزادە چالاکی مەدەنی ناسراو و بەندکراوی سیاسی پێشوو خەڵکی پیرانشار کە لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دەستبەسەر کرابوو و ٣٠مانگی بەندکران بەسەردا سەپابوو، و بە ڕای باز گۆڕدراوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دلە ڕۆژانی ڕابردوودا، جەماڵ عەلیزادە کە بە هەژمارکردنی ماوەی ڕاگیرانی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعات نیوەی سزای ٣٠ مانگ بەندکرانی سەپێندراو بە سەریدا لە بەندیخانەی نەغەدە بەسەر بردبوو، بە ڕەزامەندی دادگا سزاکەی بۆ ڕای باز گۆڕدراوە و باقی ماوەی سزای بەندکرانەکەی لە دەرەوەی بەندیخانە تێپەڕ دەکات.

جەماڵ عەلیزادە ئێوارەی سێشەممە ٢٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پیرانشار دەستبەسەر کرا. ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ دوای ٤ مانگ دەستبەسەرکران، بە دانانی بارمتەی ٣ ملیاری و بە شێوەی کاتی و هەتا تەواو بوونی پرۆسەی دادگایی کردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندی نەغەدە ئازاد کرا.

جەماڵ عەلیزادە خاکەلێوەی ٢٧٢٣، لە لایەن دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر (ئوجاقلوو) بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ میدیاکان" ٣٠مانگ سزای بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.

ناوبراو دواجار ڕۆژی سێشەممە ٧ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (٢٩ی ئاگۆست ٢٠٢٣) دوای بانگکرانی بۆ لقی جێبەجێکردنی سزای پیرانشار دەستبەسەر کراو بە مەبەستی جێبەجێ کردنی سزاکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندی نەغەدە گواسترایەوە.

شایەنی باسە کە ئەو چالاکە مەدەنییە لە ماوەی ساڵانی ڕابردووشدا چەند جارێک لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و سزای بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە