سێ هاووڵاتیی خەڵکی ئورمیە دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کران

هەنگاو: سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئورمیە کە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە

١٨ بەفرانبار ٢٧٢٠، ١٦:٢٦

 

هەنگاو: سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئورمیە کە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان حوکمی بەندکرانیان بە سەردا سەپابوو، دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کران.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنج شەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٠ (٧ی ژانویەی ٢٠٢١)، سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئورمیە بە ناوەکانی شارام کازمیان، فەرهاد نووری و سەفەر نووری بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزای بەندکرانەکەیان دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کران.

شارام کازمیان ڕۆژی دووشەممە ١٦ی بەفرانبار ٢٧١٩ (٦ی ژانویە ٢٠٢٠) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە دەستبەسەر و پاش٢٦ ڕۆژ ڕاگیران لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئەو ناوەندە ئەمنییە دادگایی و دواتر بۆ بەندیخانەی ئورمیە گوازرایەوە و زستانی هەمان ساڵ لەلایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر ”عەلی شەیخلوو“ بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی کوردستانی سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا.

ئەو چالاکە مەدەنییە بەهاری ئەمساڵ بە بارمتەی ٧٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد و دواتر حوکمەکەی لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتی ئێرانەوە بۆ ٣ ساڵ بەندکران کەم کرایەوە.

سەفەر و فەرهاد نووری ڕۆژی پێنج شەممە ٢٤ی گەلاوێژی ٢٧١٩ (١٥ی ئاگۆستی ٢٠١٩) لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای ئورمیە دەستبەسەر و دوای یەک مانگ گوازرانەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە و مانگی ڕەزبەر (ئۆکتۆبر)ی هەمان ساڵ بە بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.

خەرمانانی ئەمساڵ ئەو دوو هاووڵاتییە لەلایەن لقی دووەمی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی لەرێگای ئەندامەتی لە پارتی ئازادی کوردستان (پژاک) هەر کامەیان حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپابوو کە ئەو حوکمە لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئورمیە بۆ یەک ساڵ بەندکران کەم کرایەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە