زەمانە زێوەیە لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراوە

هەنگاو: دوای تێپەڕینی زیاتر لە دوو حەفتە لە دەستبەسەر کرانی زەمانە زێویە چالاکی مەدەنی خەڵکی سەقز، ناوبراو

٢٤ ڕێبەندان ٢٧٢١، ٠٧:٢٣

 

هەنگاو: دوای تێپەڕینی زیاتر لە دوو حەفتە لە دەستبەسەر کرانی زەمانە زێویە چالاکی مەدەنی خەڵکی سەقز، ناوبراو هێشتا لە دەستبەسەرگەی سنە ڕاگیراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوای دوو حەفتە لە دەستبەسەر کرانی زەمانە زێویە، چالاکی مەدەنی خەڵکی سەقز ناوبراو بە ڕۆژدا لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت و شەوانە دەگوازرێتەوە بۆ بەندی قەرەنتینەی ناوەندی چاکسازی و پەروەردە ناسراو بە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی زێویە، ناوبراو لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا تەنیا پەیوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی بۆ ماڵەوە هەبووە و لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و هەروەها مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش کراوە.

جێگای ئاماژەیە کە، کاوە ڕەشید زادە هاوژینی زەمانە ڕۆژی سێشەممەی حەفتەی ڕابردوو دەستبەسەر کراوە و منداڵە ٤ ساڵانەکەی ئەم دوو هاوژینە لای بنەماڵەی کاوە ڕاگیراوە.

زەمانە زێویە تەمەن ٢٩ ساڵ و خاوەن بڕوانامەی بەکالۆریۆسی ماف ناسی پەیامی نووری سەقز ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ (٢٩ی ژانویەی ٢٠٢٢) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کرا.

جێگای باسە کە زەمانە زێویە پێشتر و ڕۆژی دووشەممە ١٥ی خەزەڵوەری ٢٧١٧ (٦ی نۆڤەمبەری ٢٠١٧) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سەقزەوە بە تۆمەتی پشتیوانی کردن لە بەڕێوەچوونی گشتپرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دەستبەسەر و دوای سێ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی ٨٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

زەمانە زێویە دواجار مانگی سەرماوەزی هەمان ساڵ بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی گشتی» سزای لێدانی ٥٠ قامچی و پێ بژاردنی بڕی یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار تمەن غەرامەی بە سەردا سەپا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە