دەستبەسەر کرانی چوارەمین هاووڵاتی لە سەقز

هەنگاو: هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی سەقز لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بەمەش ژمارەی دەستبەسەر کراوانی ئەو شارە

٢٠ ڕێبەندان ٢٧٢١، ٢٠:٠٠

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی سەقز لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بەمەش ژمارەی دەستبەسەر کراوانی ئەو شارە لە ڕۆژانی ڕابردوودا گەیشتە چوار کەس.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ (٨ی فوریەی ٢٠٢٢ (، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز هاووڵاتییەکیان بە ناوی کاوە ڕەشیدزادە تەمەن ٣٢ ساڵ دەستبەسەر کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کاوە ڕەشیدزادە کە هاوژینی زەمانە زێوەیە یە، بە بێ پیشاندانی بەڵگەی دادوەری لە شوێنی کارەکەی خۆی (دووکانی گۆڕینی ڕۆنی ئۆتۆمبێل) دەستبەسەر کراوە و هەر ئەو ڕۆژە بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری سنە گوازراوەتەوە. منداڵە چوار ساڵانەکەی کاوە و زەمانە ئێستا لە ماڵی باوکی کاوە ڕاگیراوە.

جێگای ئاماژەیە کە زەمانە زێویە، هاوژینی کاوە ڕۆژی شەممە ٩ی ڕێبەندان (٢٩ی ژانویە (لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و ئێستا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات لەژێر لێپرسینەوەدایە و شەوانە دەبرێتە ناوەندی چاکسازی و پەروەردە ناسراو بە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە.

هاوکات لەگەڵ زەمانە زێویە، مێقداد حەسەن نەژاد، دەرهێنەری لاوی خەڵکی سەقز لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە.

ڕۆژی ڕابردووش محەممەد سەلیمی هاووڵاتییەکی خەڵکی سەقز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە