ڕاپۆرتی ئاماری هەنگاو لە سەر دەستبەسەر کرانی ٧١٠ هاووڵاتیی کورد لە ساڵی ٢٠١٨ دا
هەنگاو: لەماوەی ساڵی ڕابردووی زایینیدا زیاتر لە ١٠٠٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون ک
هەنگاو: لەماوەی ساڵی ڕابردووی زایینیدا زیاتر لە ١٠٠٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون کە ناسنامەی هێندێکیان ئاشکرا نەبووە.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی ساڵی ٢٠١٨ی زایینیدا، زیاتر لە هەزار هاووڵاتیی کورد لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون کە ناسنامەی ٧١٠ کەسیان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە و ناویان لە ناوەندی ئاماری هەنگاو بوونی هەیە.
هۆکارەکانی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتیانی کورد
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لەکۆی ئەو ٧١٠ هاووڵاتییە کوردەی کە دەستبەسەر و ناویان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە، زیاتر لە ٥٨٪ی (٤١٢ کەسیان) بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و هاوکاری و ئەندامەتی حیزبە کوردستانییەنی دژبەری ئێران دەستبەسەر کراون.
هەروەها، ١٧٠ چالاکی مەدەنی (٢٤٪)، ٤٠ چالاکی مەزهەبی (٥.٥٪)، ٣٩ کۆڵبەر (٥.٥٪) و ٣٥ چالاکی کرێکاری (٥٪) لە ماوەی ساڵی ٢٠١٨ دا دەستبەسەر کراون.
هەر لەو ماوەیەدا، ٤ هاووڵاتیی خەڵکی باکووری کوردستان و ١٠ هاووڵاتیی خەڵکی باشووری کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون کە دەکاتە (٢٪)ی کۆی دەستبەسەرکراوەکان.
جیاکردنەوەی دەستبەسەر کراوەکان بە پێی پارێزگاکان
لە ساڵی ٢٠١٨ دا زیاترین هاووڵاتیی کورد لە پارێزگای ئورمیە دەستبەسەر کراون کە لەو ساڵەدا دەستبەسەر کرانی ٢٩١ هاووڵاتیی کورد لەو پارێزگایە تۆمار کراوە، کە دەکاتە ٤١٪ی کۆی دەستبەسەر کراوەکان.
هەروەها، لەپارێزگای سنە ٢٦٦ هاووڵاتی (٣٧.٥٪)، لە پارێزگای کرماشان ٨٨ هاووڵاتی (١٢.٤٪)، لە پارزگای ئیلام ٤٤ هاووڵاتی (٦.٢٪) و لە پارێزگاکانی خوراسان ٤ هاووڵاتی و لوڕستان ٣ هاووڵاتیی کورد دەستبەسەر کراون.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری هەنگاو، لە کۆی ئەو ٧١٠ کەسەی کە دەستبەسەر و ناسنامەیان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە، ٤٤ کەسیان ژن، ١٤ کەسیان منداڵ، ٢٢ کەسیان ڕۆژنامەنووس و چالاکی میدیایی، ٢ کەسیان پارێزەر، ٧ کەسیان مامۆستای قوتابخانە و زانکۆ و ٣٢ کەسیان خوێندکاری زانکۆ بوون.