سەفیە مامووشی پوور و گوڵاڵە مورادی بۆ بەندیخانەی ئورمیە گوازرانەوە

سەفیە مامووشی پوور و گوڵاڵە مورادی بۆ بەندیخانەی ئورمیە گوازرانەوە

11:03 - 16 June 2021

 

هەنگاو: دوو ژنی دەستبەسەر کراوی خەڵکی پیرانشار دوای ٤٥ ڕۆژ ڕاگیران لە دەستبەسەرگە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرانەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەر یەک لە سەفیە مامووشی پوور و گوڵاڵە مورادی هەر دوو خەڵکی پیرانشار دوای ١٤ ڕۆژ مانەوە لە بەندی قەرەنتینەی بەندیخانەی ئورمیە بۆ بەندی ژنانی ئەو بەندیخانە گوازراونەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناو بەندیخانەی ئورمیەوە، ئەو دوو ژنە لە ماوەی دەستبەسەر کرانیان لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای ئورمیە بە سەختی ئەشکەنجە کراون.

سەفیە مامووشی پوور تەمەن ٤٨ ساڵ و گوڵاڵە مورادی تەمەن ٤٧ ساڵ، هاوژین و دایکی زاوای عوسمان حاجی حوسێنی، کادری سپای پاسدارانن کە شەوی هەینی ٢٧ی خاکەلێوە (١٦ی ئاوریل) لە جاددەی گونی زیویەی پیرانشار کوژرا و گرووپی “هەڵۆکانی زاگرۆس” بەرپرسیارێتی بە ئەستۆ گرت و ئەم دوو کەسەش هەر لەم پەیوەندییەدا دەستبەسەر کراون.

گوڵاڵە مورادی ڕۆژی شەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢١ (١٧ی ئاوریلی ٢٠٢١) و سەفیە مامووشی پوور ڕۆژی ڕۆژی چوارشەممە ١ی بانەمەڕ ٢١ی ئاوریل)  لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە پیرانشار دەستبەسەر و بۆ ئورمیە گوازرانەوە.

جێگای ئاماژەیە کە دوو کوڕی گوڵاڵە مورادیش بە ناوەکانی تاهیر بەزازی (زاوای عوسمان حاجی حوسێنی) و مەتین بەزازی تەمەن ١٤ ساڵ هەر لەم پەیوەندییەدا دەستبەسەر کرابوون کە پاش ماوەیەک ئازاد کراون.