هاووڵاتییەکی خەڵکی نەغەدە سزای ١٥ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپا

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی نەغەدە بە تۆمەتی بەشداری کردن لە ناڕەزایەتییەکانی هاوینی ئەمساڵی ئەو شارە،

٢٤ ڕەزبەر ٢٧٢١، ١٩:٣٥

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی نەغەدە بە تۆمەتی بەشداری کردن لە ناڕەزایەتییەکانی هاوینی ئەمساڵی ئەو شارە، سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هاووڵاتییەکی خەڵکی نەغەدە بە ناوی محەمەد تاهیر حوسێن پوور لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە سزای ١٥ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم سزایە بە تۆمەتی هاوکاری کردنی حیزبێکی کوردستانی و هەروەها بە شداری لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ (ئاگۆست)ی شاری نەغەدە کە دوای کوژرانی هاووڵاتییەی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هاتە ئاراوە بە سەر ناوبراودا سەپێندراوە و لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەی نەغەدە بە فەرمی پێی ڕاگەیەندراوە.

محەمەد تاهیر حوسێن پوور تەمەن ٣٠ ساڵ ڕۆژی یەکشەممە ٧ی خەرمانانی ٢٧٢١ (٢٩ی ئاگۆستی ٢٠٢١) لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای ئورمیە دەستبەسەر و بۆ ئورمیە گوازرایەوە.

ناوبراو کۆتایی مانگی خەرمانان دوای تەواوبوونی لێپرسینەوەکانی لە ئورمیەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گوازرایەوە و ئێستا لەو بەندیخانەیە ڕاگیراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە