ئارمین ئێسپەرلووس چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی سنە دەستبەسەر کرا

هەنگاو: لە درێژەی دەستبەسەر کردنی چالاکانی کورد چالاکێکی دیکەی ژینگەپارێزی خەڵکی سنە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

٨ ڕەزبەر ٢٧٢١، ٢١:١٩

 

هەنگاو: لە درێژەی دەستبەسەر کردنی چالاکانی کورد چالاکێکی دیکەی ژینگەپارێزی خەڵکی سنە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٧ی ڕەزبەری ٢٧٢١ (٢٩ی سێپتامبری ٢٠٢١)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە هاووڵاتییەکی ژینگەپارێزیان بە ناوی ئارمین ئێسپەرلووس دەستبەسەر کردووە.

هەتا کاتی بڵاو کردنەوەی ئەم هەواڵە، هۆ یان هۆکارەکانی دەستبەسەر کرانی ئەم چالاکە کوردە نەزانراوە.

ئارمین ئێسپەرلووس لە ڕەوتی دەستبەسەر کردنی ئەندامانی حیزبی وەحدەتی میلی لقی کوردستان، ڕۆژی پێنج شەممە ٢ی ڕەشەممەی ٢٧١٨(٢١ی فێوریەی ٢٠١٩) دەستبەسەر و دوای دوو مانگ بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

ئەم چالاکە کوردە  دواجار مانگی ڕەشەممەی ٢٧١٩ (فێوریەی ٢٠٢٠) لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شؤڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی وڵات لە ڕێگای ئەندامەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) سزای سێ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکرانی بە سەردا سەپا.

جێگای ئاماژەیە کە فەرانەک جەمشیدی هاوژینی ئارمین ئێسپەرلووس هەر بەم تۆمەتە سزای یەک ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە و مانگی جۆزەردانی ئەمسال بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزاکەی دەستبەسەر کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە