حەوت ئەندامی دەستبەسەرکراوی "کەمپەینی ژیانەوەی کوردستان" تۆمەتەکانیان پی ڕاگەیاندرا

١٣ خەرمانان ٢٧٢١، ١٢:٥٣

 

هەنگاو: حەوت ئەندامی رێکخراوێکی مەدەنی لە سنە کە لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوون، تۆمەتەکانیان پێ راگەیاندرا.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، حەوت کەس لە بەڕێوەبەرانی کەمپەنی خێرخوازیی ژیانەوەی کوردستان بە ناوەکانی، عەلی ئەڵڵاوەیسی، فەردین ڕەحیمی، عەتا ڕەزاربابی، قانع خاتری، مەرزیە مرادوەیسی، سیراون عەبدوڵڵاهی (کوڕی مەرزییە) و مەهدی سەیفی بانگ کراونەتە لقی دووی دادسەرای سنە و لە لایەن کەسێک بە ناوی نەقیزادەوە لێپێچینەوەیان لێ کراوە و تۆمەتەکەیان پێ ڕاگەیاندراوە.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم چالاکە مەدەنییانە لە لایەن لقی دووی دادسەرای سنەوە بە بەشداری لە ڕێوڕەسمی نەورۆز، چالاکی لە کەمپەینی خێرخوازیی ژیانەوەی کوردستان و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران تۆمەتبار کراون.

ئەم حەوت چالاکە مەدنییە، لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە دەستبەسەر کرابوون و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە