دوو کەس لە دەستبەسەرکراوانی مانگی رابردووی شاری نەغەدە لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان سپارد

دوو کەس لە دەستبەسەرکراوانی مانگی رابردووی شاری نەغەدە لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان سپارد

13:42 - 20 September 2021

 

هەنگاو: دوو هاووڵاتیی کورد کە لە سەرەتای مانگی خەرماناندا لە شاری نەغەدە دەستبەسەر کرابوون، لە ژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای ئورمیە دا گیانیان لەدەست دا.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوو کەس لە دەستبەسەرکراوانی ئەم دواییەی نەغەدە بە ناوەکانی ئەسعەد رامین و داود ڕەحیمی کە برای هاوسەری ئەسعەدە و تەمەنی ٣٥ ساڵ بووە، لە ژێر ئەشکەنجەی هیزەکانی ئیتلاعاتی سپای ئورمیەدا گیانیان لە دەست داوە.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئوتۆمبێلی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لە کاتی دەستبەسەرکرانیاندا، لە لاین هێزەکانی سپاوە دەسڕێژی لێ کراوە و ئەسعەد، قاچێکی بە گوللـە پێکراوە، داودیش بە چەند گوللـەیەک بریندار بووە.

ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە لە پاش دەستبەسەر کران و لە کاتێکدا کە بریندار بوون، گوازراونەتەوە بۆ ئیتلاعاتی سپای ئورمیە و لە سەرجەم مافەکانی بەندکراوان و لەوانەش مافی دەرمان بێبەش کراون.

هەنگاو زانیویەتی کە بنەماڵەی ئەو دوو هاووڵاتییە، کاتژمێر ١١:٣٠ ئەمڕۆ بانگ کراونەتە ئیتلاعاتی سپای نەغەدە و پێیان گوتراوە ئەسعەد و داود ئەندامی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران بوون و داوایان لێ کردوون کاتژمێر دووی پاش نیوەڕۆ دیسان سەردانی ئەم شوێنە بکەنەوە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ڕەحیمی پێشتر بە هەنگاوی گوتبوو: هێزە ئەمنییەکان بنەماڵەی ڕەحیمییان ئاگادار کردووەتەوە کە داود لە بەشی ICU  خەوێندراوە و سەرەڕای ئەوەش شوێنی راگرتنی ناوبراویان بۆ بنەماڵەکەی ئاشکرا نەکردبوو.

ئێوارەی رۆژی چوارشەممە ١٠ی خەرمانانی ٢٧٢١ (١ی سێپتامبەری ٢٠٢١)، هیزەکانی ئیتلاعاتی سپا بە ئوتۆمبێلێکی سەمەندی مەدەنی و دوو ئوتۆمبێلی تویتیای هایلۆکس و ئامبولانسێک لە نزیک گوندی قاڕنێ، ئوتۆمبێلی سایپای ئەسعەد ڕامینیان دایە بەر دەستڕێژ و پاش بریندار کردنی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، هەردووکیانیان دەستبەسەر کردبوو.

لە هەمان ڕۆژدا، رامین رامین، کوڕی ئەسعەد و سەردار ڕامین، برازای ئەسعەدیس دەستبەسەر کرابوون و ئەم دوو کەسە چەند ڕۆژ لەمەوبەر لە پاش کۆتایی هاتنی لێپێچینەوەکەیان گوازراونەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە.