سێ مامۆستای دەستبەسەرکراوی خەڵکی سنە بە بارمتە ئازاد کران

سێ کەس لە مامۆستایان و چالاکانی پیشەیی شاری سنە بە ناوەکانی محەممەد ڕەزا مورادی، سەلاح حاجی میرزایی و ئارام ئیبراهیمی کاتژمێر ٢ی ئەمڕۆ شەممە ٤ی پوو

٤ پووشپەڕ ٢٧٢٢، ١٤:٣٢


هەنگاو: شەممە ٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٢

سێ کەس لە مامۆستایان و چالاکانی پیشەیی شاری سنە بە ناوەکانی محەممەد ڕەزا مورادی، سەلاح حاجی میرزایی و ئارام ئیبراهیمی کاتژمێر ٢ی ئەمڕۆ شەممە ٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ئازاد کران.

هەنگاو زانیویەتی کە ئیدارەی ئیتلاعات بەو مەرجەی ئەم سێ کەسەی ئازاد کردووە کە هیچ وێنەیەکی کاتی ئازادییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها میدیاکان بڵاو نەکرێتەوە.

محەممەد ڕەزا مورادی تەمەن ٤٥ ساڵ، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لقی سنە - کەڵاتەرزان ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٤ جۆزەردان، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر کرا. هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە هێزەکانی ئیتلاعات ماڵەکەیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر مۆبایلەکانی محەممەد ڕەزا مورادی و هاوژینەکەیدا گرتووە.

هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی جۆزەردان، سەڵاح حاجی میرزایی دوای ناڕەزایەتی دەربڕینی مامۆستایانی شاری سنە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کرا.

ئارام ئیبراهیمی یەکێکی دیکە لە مامۆستایانی شاری سنەیە کە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١ی پووشپەڕ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کراوە.

بە ئازاد بوونی ئەم سێ مامۆستایە ئێستا لە کۆی ئەو ١٢ مامۆستایەی خەڵکی سنە کە لە ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا دەستبەسەر کراون تەنیا سادق کەنعانی دەستبەسەرە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە