سێ هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپا

هەنگاو: سێ هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ کە زستانی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو

١٣ خاکەلێوە ٢٧٢٢، ١٠:١٣

 

هەنگاو: سێ هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ کە زستانی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوون، سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سێ هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ بە ناوەکانی ئەیووب مووسا، سیامەند خاڕەزم و هاوڕێ (مێهران) خواڕەزم لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی دووی شنۆ بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەبووتالیب خەلیل پوور سەرجەم سزای ٩ ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپا.

بە پێی ئەو سزایە، ئەیووب مووسا تەمەن ٢٦ ساڵ بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" و "هەڵگرتن و گواستنەوەی چەک" سەرجەم سزای ٨ ساڵ بەندکران و پێ بژاردنی بڕی ٩ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار تمەن پارەی بە سەردا سەپاوە کە بە پێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، زیاترین سزا واتە سزای ٥ ساڵ بەندکرانەکەی جێبەجێ دەکرێت.

هەروەها، هەر یەک لە سیامەند خاڕەزم تەمەن ٢٧ ساڵ و هاوڕێ خاڕەزم تەمەن ٢٠ ساڵ بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" هەر کامەیان سزای ٦ مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.
دانیشتنی دادگای ئەم سێ کەسە کۆتایی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو بەڕێوەچووە و سزاکەیان لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە فەرمی پێیان ڕاگەیەندراوە.

ئەیووب مووسا و هاوڕێ خاڕەزم ڕۆژی هەینی ١٧ی بەفرانباری ٢٧٢١ (٧ی جەنیوەری ٢٠٢٢) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ بە بێ پیشاندانی بەڵگەی دادوەری دەستبەسەر و دوام ٤٥ ڕۆژ بەندکران بە بارمتەی ٥٠٠ و ٢٥٠ ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوون.

هەروەها سیامەند خاڕەزم ڕۆژی دووشەممە ٤ی ڕیبەندان (٢٤ی جەنیوەری) دەستبەسەر و دوا سێ حەوتوو بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

جێگای ئاماژەیە کە ئەم سێ هاووڵاتییە لە ماوەی ئەو ڕۆژانەی کە دەستبەسەر بوون لە مافی هەبوونی پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش بوون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە