میکاییل مینبەری بۆ بەندیخانەی ناوەندی سنە گوازرایەوە

میکاییل مینبەری بەندکراوی سیاسی پێشوو کە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کرابوو، دوای تێپەڕبوونی نزیکەی دوو مانگ

٥ خەرمانان ٢٧٢٢، ١٣:٥٤


هەنگاو: شەممە ٥ی خەرمانانی ٢٧٢٢

میکاییل مینبەری بەندکراوی سیاسی پێشوو کە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کرابوو، دوای تێپەڕبوونی نزیکەی دوو مانگ لە دەستبەسەرکرانی ڕۆژی شەممە ٥ی خەرمانانی ٢٧٢٢ (٢٧ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) بۆ بەندیخانەی ناوەندی سنە گوازرایەوە.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، میکاییل مینبەری لە ماوەی دوومانی ڕابردوودا لە مافی دەستپێراگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی بێبەش بووە.

میکاییل مینبەری هاووڵاتیی خەڵکی گوندی نییەر سەر بە شاری سنە، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ لە حاڵێکدا بۆ وەرگرتنی ئۆتۆمبێلی خۆی سەردانی میکانیکی کردبوو، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە ئەمنییە گوازرایەوە.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە، ٨ کەس لە هێزە ئەمنییەکان کە لە نێو دوو ئۆتۆمبێلدا بوون، دوای گەیشتنی میکاییل مینبەری بە میکانیکی ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.
.
شایانی باسە میکاییل مینبەری ٢٥ی جۆزەردان ساڵی ڕابردووش لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سنەوە دەستبەسەر و دوای ١١٠ ڕۆژ بەندکران ڕۆژی شەممە ١٠ی ڕەزبەر بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە