مەسعوود نیکخا و شەعەبان محەممەدی بە بارمتە ئازاد کران

مەسعوود نیکخا و شەعبان محەممەدی دوو مامۆستای دەستبەسەرکراوی خەڵکی مەریوان دوای زیاتر لە سێ مانگ دەستبەسەرکران ڕۆژی شەممە ٢٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (٢٠ی ئاگۆستی ٢٠

٢٩ گەلاوێژ ٢٧٢٢، ١٩:١٥


هەنگاو: شەممە ٢٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٢

مەسعوود نیکخا و شەعبان محەممەدی دوو مامۆستای دەستبەسەرکراوی خەڵکی مەریوان دوای زیاتر لە سێ مانگ دەستبەسەرکران ڕۆژی شەممە ٢٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (٢٠ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) هەر کامەیان بە دانانی بارمتەی دوو ملیار تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ئێڤینی تاران ئازاد کران.

ئەم دوو مامۆستایە ڕۆژی یەکشەممە ١١ی بانەمەڕی ئەمساڵ هاوڕێ لەگەڵ ئەسکەندەر لوتفی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا لە جادەی سنە بۆ مەریوان دەستبەسەر کران کە شەعبان محەممەدی هەمان ڕۆژ ئازاد کرا.

مەسعوود نیکخا ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی بانەمەڕ ئازاد کرا و ڕۆژی پێنجشەممە سەرلەنوێ دەستبەسەر کرایەوە. شەعبان محەممەدیش ڕێکەوتی ٢١ی سەر لە نوێ دەستبەسەر کرایەوە و دوای ماوەیەک بۆ بەندیخانەی ئێڤینی تاران گوازرانەوە.

ئەسکەندەر لوتفی ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی گەلاوێژ بە دانانی بارمتە دوو ملیاری و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ئێڤین ئازاد کرا.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئەم سێ مامۆستا کوردە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە گوشاریان خراوەتە سەر هەتا بە ناچاری دان بەوەدا بنێن کە پەیوەندییان لەگەڵ ئەو دوو هاووڵاتییە فەرەنسییەوە هەبووە کە لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

ئەم دوو هاووڵاتییە فەرەنسییە کە لە ئەندامانی فیدراسیۆنی پەروەردە و کولتووری سەندیکای کاری ئەو وڵاتەن، مانگی بانەمەڕ لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستبەسەر و بەوە تۆمەتبار کراون کە پەیوەندییان بە چالاکانی پیشەیی، مامۆستایانی قوتابخانە و کرێکاران کردووە هەتا ناڕەزایەتی لە ئێران ڕێک بخەن.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە