ڕاپۆرتی لە مارسەوە هەتا مارس لە سەر توندوتیژی دژ بە ژنان لە کوردستان

هەنگاو: لە بەرەبەری ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنان، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕاپۆرتێکی ئاماری لە سەر ژنکوژی و خۆکوشتنی ژنان لە شارەکانی کوردستان ئاماد

١٥ ڕەشەمە ٢٧٢١، ١٠:٣١

 

هەنگاو: لە بەرەبەری ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنان، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕاپۆرتێکی ئاماری لە سەر ژنکوژی و خۆکوشتنی ژنان لە شارەکانی کوردستان ئامادە کردووە. بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە ڕێژەی ژنکوژی بەرز بووەتەوە و ڕێژەی خۆکوشتنی ژنان کەم بووەتەوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی زەمەنی مارسی ٢٠٢١ هەتا مارسی ٢٠٢٢ لانی کەم ٩٤ ژن لە شارە جیاجیاکانی کوردستان خۆیان کوشتووە و ٤١ ژنیش کوژراون.

گوێڕەی ئەم ڕاپۆرتە، ژنکوژی بە نیسبەت ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو ١٢ حاڵەت (٣٠٪) زیادی کردووە و ڕێژەی خۆکوشتنی ژنان ١٤ حاڵەت (١٥٪) کەمی کردووە.


کوژرانی ٤١ ژن لە یەک ساڵدا

گوێڕەی ئەم ڕاپۆرتە، هۆکاری زۆربەی ژنکوژییەکان کێشەی خێزانی بووە و ١٧ ژن بە دەستی شووەکانی خۆیان و ٣ ژنیش بە دەستی شووی پێشووی خۆیان کوژراون.

ئەم ڕێژەیە بە بەراورد ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو کە ٢٩ حاڵەت تۆمار کرابوو، ٣٠٪ بەرز بووەتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، زیاترین ڕێژەی ژنکوژی لە پارێزگای کرماشان تۆمارکراوە کە ١٨ حاڵەت واتە ٤٤٪ی کۆی حاڵەتەکانی هەموو کوردستان بووە.

ناوی لانی کەم ٦ ژن کە بە پاساوی نامووس و شەرەف کوژراون نەسرین پەهلەوانی خەڵکی قەسری شیرین، شەکیبا بەختیار خەڵکی کرماشان، سارا پیرزادی خەڵکی هەرسین، جەیران پووریەعقووب خەڵکی پیرانشار، فایزە مەلەکی و سەحەر مورادی خەڵکی سنە ڕاگەیەندراوە.

جێگای ئاماژەیە کە هەواڵی کوژرانی جەیران پووریەعقووب میدیایی نەبووەتەوە و هاوکارانی هەنگاو لە پیرانشار پاش چەند مانگ ئەو حاڵەتەیان وەکوو قەتڵی نامووسی تۆمار کردووە.


هۆکاری کوشتنەکان
بە پاساوی نامووس و شەرەف: ۶ حاڵەت کە دەکاتە ۱۴.۵٪ی کۆی حاڵەتەکان.
کێشەی خێزانی: ۲۷ حاڵەت کە دەکاتە ۶۵.۵٪ی کۆی حاڵەتەکان.
بە مەبەستی دزی کردن: ۴ حاڵەت کە دەکاتە ۱۰٪ی کۆی حاڵەتەکان.
وەڵامی نا بە خوازبێنی: ٢ حاڵەت کە دەکاتە ٥٪ی کۆی حاڵەتەکان.
کێشەی ئابووری: ٢ حاڵەت کە دەکاتە ٥٪٪ی کۆی حاڵەتەکان.


کوژران بە دەستی
کەسانی نزیک (باوک، برا و شوو، شووی پێشوو، کوڕ، زاوا و…): ٣٥ حاڵەت
نادیار: ٤ حاڵەت
داواکار: ٢ حاڵەت

جیاکردنەوە بە پێی پارێزگاکان
پارێزگای سنە: ١١ حاڵەت
پارێزگای کرماشان: ١٨ حاڵەت
پارێزگای ئورمیە: ٧ حاڵەت
پارێزگای ئیلام: ٥ حاڵەت



خۆکوشتنی ٩٤ ژن لە ساڵێکدا

لە مەودای زەمەنی مارسی ٢٠٢١ هەتا مارسی ٢٠٢٢ لانی کەم ٩٤ حاڵەتی خۆکوشتنی ژنان لە کوردستان تۆمار کراوە کە ئەم ڕێژەیە بە نیسبەت ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو کە ١٠٨ حاڵەت بووە، ١٥٪ دابەزینی بە خۆیەوە بینییەوە.

کێشەی خێزانی هۆکاری ٧١٪ی خۆکوشتنەکان بووە و پارێزگای ئورمیە بە ٥٢حاڵەتی خۆکوشتن کە دەکاتە ٥٥٪ی کۆی حاڵەتەکان، زیاترین ڕێژەی خۆکوشتنی ژنانی تێدا تۆمار کراوە.


هەروەها بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، لە کۆی ئەو ٩٤ حاڵەتەی خۆکوشتنی ژنان ٢٢ حاڵەتی کە دەکاتە ٢٣.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە کە سێ کەسیان تەمەنیان ١٣ ساڵ بووە.


هۆکاری خۆکوشتنەکان
کێشەی خێزانی: ٦٧ حاڵەت کە دەکاتە ٧١٪ی کۆی حاڵەتەکان.
هەژاری و بێکاری: ٢ حاڵەت کە دەکاتە ٢٪ی کۆی حاڵەتەکان.
نادیار: ١٣ حاڵەت کە دەکاتە ١٤٪ی کۆی حاڵەتەکان.
خەمۆکی: ٤ حاڵەت کە دەکاتە ٤.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان.
ڕێگری لە شوو کردن: ٢ حاڵەت کە دەکاتە ٢٪ی کۆی حاڵەتەکان.
کێشەی دەروونی: ٥ حاڵەت کە دەکاتە ٥.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان.
ڕێگری کردن لە خوێندن: ١ حاڵەت کە دەکاتە ١٪ی کۆی حاڵەتەکان.


جیاکردنەوە بە پێی پارێزگاکان
پارێزگای ئیلام: ٦ حاڵەت کە دەکاتە ٧٪ی کۆی حاڵەتەکان.
پارێزگای کرماشان: ١٦ حاڵەت کە دەکاتە ١٧٪ی کۆی حاڵەتەکان.
پارێزگای سنە: ٢٠ حاڵەت کە دەکاتە ٢١٪ی کۆی حاڵەتەکان.
پارێزگای ئورمیە: ٥٢ حاڵەت کە دەکاتە ٥٥٪ی کۆی حاڵەتەکان.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە