ڕاپۆرتێک لەبارەی کوژرانی هاووڵاتییەکی کورد بەناوی ڕۆزبێ خادمیان لە ناڕەزایەتییەکاندا

لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کەرەج دژی کوژرانی ژینا ئەمینی، لاوێکی کوردی خەڵکی شاری سونقوڕ و کولیایی سەر بە پارێزگای کرماشان بە ناوی ڕۆزبێ خادمیان ٣٢ ساڵە ب

١٣ ڕەزبەر ٢٧٢٢، ٢٠:١٧


هەنگاو: چوارشەممە ١٣ی ڕەزبەری ٢٧٢٢


لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کەرەج دژی کوژرانی ژینا ئەمینی، لاوێکی کوردی خەڵکی شاری سونقوڕ و کولیایی سەر بە پارێزگای کرماشان بە ناوی ڕۆزبێ خادمیان ٣٢ ساڵە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران کوژرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆزبێ خادمیان، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سونقوڕ و دانیشتووی شاری کەرەج، لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ئێوارەی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانانی ٢٧٢٢ (٢١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەت کوژراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند: "دوای خۆپیشاندانەکان و لە کاتێکدا کە ڕۆزبێ خادمیان لە حەوشەی ماڵی یەکێک لە هاوڕێکانیدا بووە، تیمێکی ماتۆڕ سواری سەر بە سوپای پاسداران، دەرگای ئەو ماڵەیان شکاندووە هاتوونەتە ماڵەوە و لە مەودای دوو مەتری تەقەیان لە ڕۆزبێ کردووە کە چوار گولە بەر کەمەر و شانی کەوتووە و دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.


ئەم سەرچاوەیە لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند، کە ڕۆژی پێنج شەممە، ڕێکەوتی ٣١ی خەرمانان ڕۆزبێ خادمیان لە کەشێکی ئەمنییەتیدا لە گۆڕستانی سەکینەی شاری کەرەج بەخاک سپێردراوە.


هەر لەم ڕاستایەدا پێشتر هەنگاو هەواڵی کوژرانی دوو هاووڵاتی دیکەی خەڵکی شاری سونقوڕی بەناوی محەممەد زارعی و عەلی ڕەزا فەتحی لە خۆپیشاندانەکانی ورامین و قەزوێن بڵاو کرد بووەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە