ڕۆیا جەلالی سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا

هەنگاو: یەکێک لەو ژنانەنی کە لە ڕەوتی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیانی کورد لە زستانی ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای دادوە

٢ خەزەڵوەر ٢٧٢١، ٠٨:٤١

 

هەنگاو: یەکێک لەو ژنانەنی کە لە ڕەوتی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیانی کورد لە زستانی ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ڕۆیا جەلالی، چالاکی خەڵکی سنە لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی ئەندامەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) سزای ٢ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بە سەردا سەپاوە. 

جێگای ئاماژەیە کە ئەم سزایە لەلایەن لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنه بە سەرۆکایەتی دادوەر مستەفا تەیاری وەک خۆی پشتڕاستکراوەتەوە.

ڕۆیا جەلالی ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٠ (٢ی فێوریەی ٢٠٢١) دوای ئەوەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەیان، دەستبەسەر کرا.

ئەم چالاکە کوردە دواجار ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی ڕەشەممە (٣ی مارس) دوای مانگێک دەستبەسەر کران بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا تەواوبوونی پێڕاگەیشتن بە دۆسیەکەی، ئازاد کرا.

جێگای ئاماژەیە کە ڕۆیا جەلالی دادیکی دوو منداڵە و نەخۆشیی MS ی هەیە و لەو ماوەی کە دەستبەسەر بووە لە هەبوونی مافی پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.

خەبات مەفاخری یەکێک لەژینگەپارێزانی خەڵکی سنە کە هاوژینی ڕۆیا جەلاییە و لەم چەند ساڵەدا چەندین جار دەستبەسەر کراوە، بەهاری ئەمساڵ لەلایەن هەمان دادگا و بە هەمان تۆمەتی سزای ٤ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە