یووسف ئەمینی خەڵکی شنۆ سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا

هەنگاو: هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی شنۆ لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە سزای بەندکرانی بەسەردا سەپا و بەمەش لە ماوەی چەند ڕۆژدا ١٢ هاووڵاتیی خ

١٠ خاکەلێوە ٢٧٢٢، ١١:٥٤

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی شنۆ لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە سزای بەندکرانی بەسەردا سەپا و بەمەش لە ماوەی چەند ڕۆژدا ١٢ هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارە لەلایەن ئەو دادگایەوە سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراو مافی مرۆڤی هەنگاو، یووسف ئەمینی هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر «ڕەزایی» سزای دوو ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم سزایە بە تۆمەتی «ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران» بە سەر ناوبراودا سەپاوە. دانیشتنی دادگای یووسف ئەمینی سەرەتای مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو بەڕێوەچووە و ڕۆژی یەکشەممە ٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٢ ئەو سزایە بە فەرمی پێی ڕاگەیەندراووە.

یووسف ئەمینی خەڵکی گوندی «گورگاوێ» ڕۆژی دووشەممە ٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ (٢٤ی جەنیوەری ٢٠٢٢) دوای بانگ کران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ دەستبەسەر و پاش چەند ڕۆژ بە شێوەی کاتی و بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لانی کەم ١١ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی شنۆ هەر بەم تۆمەتە لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی شنۆ سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە