حوکمی لەسێدارەدان و ٨٥ ساڵ بەندکران بەسەر ٨ هاووڵاتیی کورددا سەپا

٨ ڕێبەندان ٢٧١٩، ٢٣:١٢

 

هەنگاو: لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەزگای دادوەریی حکومەتی ئێران  حوکمی لەسێدارەدان و بەندکرانی بەسەر حەوت هاووڵاتیی کورد لە کامیاران و ئورمیە و هاووڵاتییەکی خەڵکی باکووری کوردستان سەپاندووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەییشتوو بە ماڵپەڕی ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو، لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر شێخلوو هاووڵایەتییەکی کوردی خەڵکی باکووری کوردستانی بە ١٥ ساڵ بەندکران مەحکووم کردووە.

ناسنامەی ئەو هاووڵاتییە سەردار ئوزمووش ڕاگەیەندراوە. ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی سەرماوەز بە تۆمەتی هاوکاری و ئەندامەتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان دەستبەسەر و ئەو حوکمەی بە سەردا سەپاوە. ئەم حوکمە ڕۆژی سێ شەممە ٨ی ڕێبەندانی ٢٧١٩ (٢٨ی ژانویەی ٢٠٢٠) بە فەرمی بە پارێزەکەی ڕاگەیەندراوە.

هەر لەو پێوەندییەدا و هەمان لقی دادگا لە ئورمیە، هاووڵاتییەکی خەڵکی ئورمیە بە ناوی ناسر مەحموودنەژاد بە تۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ١٥ ساڵ بەندکران مەحکووم کردووە.

هەروەها سێ بەندکراوی کورد لە بەندی لاوانی گرتووخانەی ناوەندیی ئورمیە بە ناوەکانی ئومید سەعیدی، کەیهان ڕەشیدی و کامران قاسمی بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران هەر کامەیان حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.

ئەم سێ هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی ئورمیە پاییزی ئەمساڵ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و پاش دوو حەوتوو لێپێچینەوە بۆ گرتووخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگوێزرابوون.

لەلایەکی دیکەوە، باسام مورادی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری کامیاران کە مانگی ڕابردوو پاش ٨ مانگ بەندکران بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن دادگای شۆڕشی سنەوە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان  (پژاک) حوکمی ٥ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی سیخوڕی حوکمی ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە کە بەپێی یاسای کۆ کردنەوەی حوکمەکان، حوکمی ١٠ ساڵ بەندکران دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هەر لەو پێوەندییەدا، دادگای شۆڕشی شاری سنە،  بە تۆمەتی ئەندامەتی و هاوکاری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، حوکمی سێدارەی بەسەر حەیدەر قوربانی خەڵکی کامیاران سەپاندووە.

هەروەها هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی کامیاران مەحموود سادقی  هەر بەو تۆمەتە حوکمی ٢٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە